Willkommen auf den Seiten des Auswärtigen Amts

ڤیزاکەم رەتکراوەتەوە / دەتوانم چی بکەم؟

بابەت

ئەم پەڕەی زانیارییە تەنیا بۆ داواکردنی ڤیزا لە بەشی ڤیزای هەولێر دەبێت.

ئەگەر داواکاریی ڤیزاکەتان رەت کراوەتەوە و هۆیەکانی رەتکردنەوەتان بەلاوە بەجێ نین، دەتوانن داوای چاوخشاندنەوە بە بڕیارەکە لە بەشی ڤیزا بکەن.

ئێوە دەتوانن خۆتان داوای چاوپێداخشاندنەوە بکەن یاخود بریکارێک (بۆ نموونە پارێزەر یان هەر بریکارێکی دیکە) بۆ ئەم مەبەستە راسپێرن. لە حاڵەتی بریکاردا پێویستە بریکارنامەیەکی واژۆکراو لەلایەن خۆتانەوە پێشکەش بکرێت. پێشکەشکردنی داوای چاوپێداخشاندنەوە بۆ کەسانی تەمەن خوار 18 ساڵ لەلایەن سەرپەرشتیار یان سەرپەرشتیارەکانییەوە دەبێت.

پێویستە رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکرێت:

  • پێویستە داوای چاوپێداخشاندنەوەکە لە ماوەی یەک مانگی دوای رادەستکردنی رەتکردنەوەکە گەیشتبێتە بەشی ڤیزا.
  • پێویستە داوای چاوپێداخشاندنەوەکە بە نووسراو بێت، لەلایەن کەسی پێشکەشکاری داواکە واژۆ کرابێت (لە رێی پۆست، بەدەستی کەسێکی دیکەوە یان بەدەستی خۆتان بێت). ئەگەر داوای چاوپێداخشاندنەوە بە ئێمەیل و لە رێگەی ئەم فۆڕمەی پەیوەندیکردنەوە بنێردرێت، ئەوا بەشی ڤیزا لە گەیشتنی ئاگادارتان دەکاتەوە و داواتان لێ دەکات، داواکارییەکەتان بە چاپکراوی لەگەڵ نوسخەیەکی ئەو ئیمەیلەی بۆتان هاتووە، بنێرن. لە بەشی ڤیزا ناکرێت ئیمەل یاخود هاوپێچەکانی چاپ بکرێن.
  • داواکاری چاوپێداخشاندنەوە دەبێ بە زمانی ئەڵمانی بێت و لەلایەن کەسی داواکارەوە واژۆ کرابێت. بۆ ئەمەش هیچ فۆڕمێکی دیاریکراو پێویست نییە.
  • بۆ ئەوەی خێراتر کار لەسەر داواکارییەکەتان بکرێت، تکایە ئەو کۆدە شەش ژمارەییەی لەسەر لای راستی بڕیاری رەتکردنەوە هەیە (وەک *205024*)، ناوی تەواوی خۆتان، بەرواری لەدایکبوون و هەروەها ئیمەیل ئەدرێسەکەتان لە داواکارییەکەدا بنووسن.
  • ئینجا لەلایەن بەشی ڤیزا بە ئیمەیل لە گەیشتنی داواکارییەکە ئاگادار دەکرێنەوە.
  • پێویستە داوای چاوپێداخشاندنەوە بە بەڵگە پشتئەستوور بێت. تکایە با بەڵگەکانتان پەیوەندییان بەو هۆکارانەی رەتکردنەوەی داواکارییەکەوە هەبێت، کە لە بڕیارەکەدا هاتوون. هەوڵ بدەن نووسراوەکەتان بە بەڵگەنامەی وەرگێڕدراو بۆ زمانی ئەڵمانی بەهێز بکەن. ئەو بەڵگەنامانەی پێشتر خراونەتە بەردەستی بەشی ڤیزا، پێویست بە دووبارەناردنەوەیان ناکات.
  • چاوپێداخشاندنەوە بێبەرامبەرە.
  • داوای چاوپێداخشاندنەوە راستەوخۆ دەدرێتە کونسوڵگەریی گشتی و نادرێت بە کۆمپانیای VFS.
  • لەوانەیە پڕۆسەی پێداچوونەوەی ورد بە بڕیارەکە لەلایەن بەشی ڤیزاوە چەند مانگێک بخایەنێت (تا سێ مانگ). دوای تەواوبوونی چاوپێداخشاندنەوە پەیوەندیتان پێوە دەکرێت.
  • پێشنیار دەکەین، لە دژی بڕیاری رەتکردنەوەی داواکاریی ڤیزای شێنگن، کە هۆکاری رەتکردنەوەکەی بۆ کەمیی بەڵگەنامەکان یان تێپەڕبوونی کاتی سەفەرەکە دەگەڕێتەوە، داوای چاوپێداخشاندنەوە نەکەن، بەڵکو داواکارییەکی دیکە بە تەواوی بەڵگەنامەکانەوە یاخود بە وادەیەکی نوێی گەشتکردنەوە، و دانی رەسمی ڤیزاکە، پیشکەش بکەن. ئەم رێگایە خێراترە لە پڕۆسەی چاوپێداخشاندنەوە.
گەڕانەوە سەرووی لاپەڕەکە