Willkommen auf den Seiten des Auswärtigen Amts

زانیاریی گرنگ دەربارەی ڤیزای ماوەکورت تا 90 رۆژ (ڤیزای شێنگن / ڤیزای C)

بابەت

ئەم پەڕەی زانیارییە تەنیا بۆ داواکردنی ڤیزا لە بەشی ڤیزای هەولێر دەبێت.

ڤیزایەکی شێنگن مافی مانەوەیەکی ماوەکورت تا 90 رۆژ لە هەر 180 رۆژدا لە ناوچەی شێنگن دەدات. ئەم 90 رۆژە دەکرێت بەسەریەکەوە بن و یان بەسەر چەند گەشتی کورتدا دابەش بکرێن. دوای مانەوەی 90 رۆژ بە تێکڕایی، پێویستە هەڵگری ڤیزاکە ناوچەی شێنگن جێ بهێلێت. ڤیزایەکی دوو ساڵە (C2)، بۆ نموونە، رێ بە مانەوەی چوار جاران 90 رۆژ دەدات. ڤیزای شێنگن ڤیزا درووستەکەیە بۆ سەردان، گەشتیاری و سەردانی فەرمی و بازرگانی، بۆ زانیاری زیاتر لەم بارەیەوە سەیری پەڕەکانی زانیاری لەسەر ئەم ماڵپەڕە بکەن.

ناوچەی شێنگن لە کاتی ئێستادا لە 27 وڵات پێکدێت: بەلجیکا، دانیمارک، ئەڵمانیا، ئیستلاند، فینلەندا، فەڕەنسا، یۆنان، ئیسلەندا، ئیتالیا، کڕۆاتیا، لاتڤیا، لیشتشتاین، لیتوانیا، لوکسمبۆرگ، ماڵتا، هۆڵەندا، نەرویج، نەمسا، پۆڵۆنیا، پورتوگال، سوید، سویسرا، سلۆڤاکیا، سلۆڤینیا، ئیسپانیا، چیک، هنگاریا.

لە کۆتایی مانگی ئاداری 2024 بولگاریا و رۆمانیای دێنەسەر.

لای کام وڵات ڤیزای شێنگن داوا بکەم؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەم شێوەیەیە:
1) ئەو کەسەی کە سەردانی تەنیا یەک وڵاتی شێنگن دەکات، لای ئەو وڵاتە داوای ڤیزاکەی دەکات.
2) ئەو کەسەی سەردانی دوو وڵات یان زیاتر دەکات، لای ئەو وڵاتە داوای ڤیزاکەی دەکات، کە ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەیەتی.
3) ئەو کەسەی هیچ ئامانجێکی سەرەکی لە سەردانەکەیدا نییە (بۆ نموونە، 5 رۆژ لە ئەڵمانیا و 5 رۆژ لە فەڕەنسا)، لای ئەو وڵاتە داوای ڤیزاکەی دەکات کە یەکەم وێستگەی گەشتەکەی دەبێت.

تەنیا ئەو کەسانەی بە بەردەوامی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان – عێڕاقن (پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجەن) دەتوانن لە بەشی ڤیزای کونسوڵگەریی گشتیی لە هەولێر ڤیزا داوا بکەن. بۆ دانیشتوانی ناوچەکانی دیکەی عێڕاق باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە بەغدا تایبەتمەندە.

ئەگەر هاتوو وادەیەک لە جۆرێکی هەڵە تۆمارکرابوو، بەشی ڤیزا داواکارییەکە وەرناگرێت.

پێشنیار دەکەین داواکارییەکەتان لە کاتی گونجاودا پێشکەش بکەن. داواکارییەکان لانی زۆر شەش مانگ بەر لە دەستپێکردنی سەفەری پلانبۆداڕێژراو وەردەگیرێن و زووتر نا. بەشی ڤیزا لە دۆخی ئاساییدا لە ماوەی 14 رۆژی کاردا بڕیار لەسەر ئەو داواکارییانە دەدات کە بێکەموکوڕین. بۆیە باشتر وایە داواکارییەکەتان 20 رۆژ بەر لە سەردانەکەتان پێشکەش بکەن. لە کاتی پشووی جەژنەکانی وەک رەمەزان و نەورۆز و پشووە ئەڵمانییەکانی وەک جەژنی هەڵسانەوە و کریسمس لەوانەیە کارکردن لەسەر داواکارییەکان هێشتا زیاتریشی پێ بچێت.

داواکارانی تەمەن سەروو هەژدە ساڵ پێویسە خۆیان فۆڕمی داواکارییەکە واژۆ بکەن، داواکاریی کەسانی تەمەن خوار هەژدە ساڵ پێویستە لەلایەن کەسی خاوەن مافی سەرپەرسشتیاری واژۆ بکرێت.

لەگەڵ تەواوکردنی 12 ساڵەی تەمەن پێویستە پەنجەمۆر وەربگیرێت.

بۆ وەرگرتنی پەنجەمۆر پێویستە هەر داواکارێک خۆی لە کۆمپانیای VFS Global لە هەولێر، رێگای عەنکاوە، بەرامبەر چێشتخانەی ئەبو شەهب سیتی، ئامادە بێت. پەنجەمۆر بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە ناو سیستەمی زانیاری ڤیزای یەکێتی ئەوڕوپادا دەمێننەوە.

لێرەوە بەرونی ئەوە رادەگەیەنین، کە تەواوی خزمەتگوزارییەکانی بەشی ڤیزا، جگە لە رەسمی ڤیزا (ماڵیانە) کە لە خوارەوە ئاماژەی پێ کراوە، بێبەرامبەرن.

رەسمی ڤیزا بۆ هاوڵاتیانی عێڕاقی بریتییە لە 80 یورۆ، بۆ منداڵانی تەمەن 6 تا 12 ساڵ بریتییە لە 40 یورۆ، رەسمەکە بەگوێرەی نرخی گۆڕینەوەی بەشی ڤیزا بە دۆلاری ئەمریکی دەدرێت. ڤیزای منداڵانی تەمەن خوار 6 ساڵ بێبەرامبەرە. رەسمی وەرگیراوی ڤیزا لەسەر ئەو پسولەیەی بەشی ڤیزا نووسراوە، کە لەگەڵ هەر پاسپۆرتێکدا دەدرێتەوە بە کەسی داواکار.

رەسمی ڤیزا جیایە لەو رەسمی خزمەتگوازرییەی کۆمپانیای VFS وەری دەگرێت و لەسەر پسوولەی ئاماژەپێکراو نانووسرێت.

لە داواکارییەکانی ڤیزای شێنگندا، لە نێو ئەو بابەتانەی کە بەشی ڤیزا لێیان ورد دەبێتەوە، سەلماندنی مەبەستی گەشتەکەیە و ئایا دارایی پێویست بۆ خەرجییەکانی گەشتەکە و مانەوە دابینکراوە و هەروەها داواکار لەڕووی ئابووری و خێزانییەوە ریشەی داکوتراوی لە هەرێمی کوردستان هەن (تا لە کاتی خۆیدا و بەر لە کۆتاییهاتنی ماوەی ڤیزاکە ناوچەی شێنگن جێ بهێڵێت). ئەو بەڵگەنامانەی وردبینیان تێدا دەکرێت، لە پەڕەکانی سەر ئەم ماڵپەڕەدا ئاماژەیان پێ کراوە. هەموو بەڵگەنامە عێڕاقییەکان پێویستە بە وەرگیڕانێکی ئەڵمانی یان ئینگلیزییەوە پێشکەش بکرێن. ئەگەر پێویستی کرد، بەشی ڤیزا دەتوانێت داوای بەڵگەنامەی دیکەش بکات. هەبوونی کەموڕیی لە بەڵگەنامە یاخود بەڵگەنامە بە نوسخەی ئەسڵیدا دەکرێت ببێتە مایەی رەتکردنەوەی داواکارییەکە. ناردنی بەڵگەنامەی داوانەکراو یاخود نێردراو بە پۆست لە پڕۆسەی کارکرکردن لە سەر ڤیزاکە بە هۆکاری لۆگیستی لەبەر چاو ناگیرێن و دەسڕێنەوە.

پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی ساختە دەبێتە مایەی رەتکردنەوەی داواکارییەکە و دەکرێت ببێتە مایەی رێگریکردن لە گەشتکردن بۆ ئەڵمانیا، هەتا ئەگەر هاتوو داواکارییەکە لەلایەن کەسێکی دیکە یاخود نووسینگەیەکی گەشتیاریشەوە ئامادە کرابێت.

بۆ ڤیزایەکی شێنگن پێویستە پاسپۆرتێکی کارا پێشکەش بکرێت، کە یەکەم: لانیکەم دوو لاپەڕەی بەتاڵی مابن، دووەم: لە ماوەی دە ساڵی رابردوو دەرکرابێت (درێژ نەکرابێتەوە) و سێیەم: لانیکەم لە دوای تەواوبوونی گەشتە بەرنامەبۆداڕێژراوەکە سێ مانگ ماوەی کارپێکردنی مابێت. تکایە بەر لە پێشکەشکردنی داواکارییەکە لەم خاڵانە دڵنیا ببنەوە و ئەگەر پێویستی کرد، پاسپۆرتێکی نوێ دەربکەن.

ئەو وێنەیەی کە بۆ داواکردنی ڤیزا پێشکەش دەکرێت، پێویستە بایۆمەتری بێت، واتە ئەندازەکەی 35 بە 45 ملیمەتر بێت و لە شەش مانگ کۆنتر نەبێت. روخساری کەسی داواکار روواوڕوو بێت بەبێ سەرپۆش و داپۆشینی چاوەکان. تەنیا ئەو کەسانەی بەهۆکاری ئایینی سەریان دادەپۆشن، لەمە بەدەرن، بەڵام ئەوانیش نابێ چاویان داپۆشراو بێت.

پێویستە لەگەڵ داواکارییەکە بیمەیەکی تەندروستیی سەفەر پێشکەش بکرێت (چ بۆ تاکەکەس بێت یان بە گروپ) کە لە کاتی نەخۆشکەوتن یان مردندا گەڕاندنەوەی داواکار بۆ وڵاتەکەی و هەروەها خەرجییەکانی چارەسەری خێرای پزیشکی یاخود وەرگرتنی لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن بۆ سەرتاپای ماوەی مانەوە و تڕانزیت بۆ تەواوی وڵاتانی ناوچەی شێنگن روپۆش بکات. رووپۆشکردنەکە دەبێت بۆ لانیکەم 30.000 یورۆ بێت.  بیمەی تەندروستییەکە دەبێ گەشتی بەرنامە بۆداڕێژراوی یەکەم رووپۆش بکات. لە فۆڕمی داواکردنی ڤیزادا پابەندبوونی خۆتان بەوە رادەگەیەنن، کە بۆ تەواوی گەشتەکانی دواتریش بیمەی تەندرووستیی سەفەرتان دەبێت. بەڵگەی بیمەی تەندروستیی سەفەر بە نوسخەی ئەسڵی (بۆتان دەگەڕێنرێتەوە) لەگەڵ کۆپییەکی پێشکەش دەکرێت. ئەو بیمەیەی کە گەڕاندنەوەی خەرجییەکان تەنیا دوای گەڕانەوەی کەسی بیمەکراو بۆ وڵاتی خۆی دەگرێتەوە، بەس نییە. بیمەکە هەروەها نابێت مەرجی سنووردارکردنی خزمەتگوزارییەکانی بۆ نموونە بۆ کەسانێک کە لەسەرووی تەمەنێکی دیاریکراوەوە (زۆربەی کات 65 ساڵ) بن بگرێتە خۆی. لە حاڵەتی رەتکردنەوەی داواکارییەکە، خەرجییەکانی بیمەی تەندروستیی سەفەر ناگەڕێنرێنەوە. هەر بیمەیەک مەرجە ئاماژەپێکراوەکانی تێدا بن، قەبوڵ دەکرێن.

ئەگەر ئێوە بەتایبەت لەبەر هۆکاری پیشەیی و خێزانی ناچارن بەردەوام یان زووزوو سەفەر بکەن، پێشنیار دەکەین، لە نووسراوێکی هاوپێچکڕاو بە داواکارییەکەدا، ڤیزایەکی ماوەدرێژ داوا بکەن و بۆ ئەم مەبەستەش بەڵگەنامەی پێویست پێشکەش بکەن.

چەند تێبینییەکی دیکەی گرینگ:

بە روونی ئەوە رادەگەیەنرێت، کە پێشکەشکردنی تەواوی بەڵگەنامەکانیش مانای خۆبەخۆی پێدانی ڤیزا ناگەیەنێت.

ڤیزا خۆبەخۆ مافی گەشتکردن نییە، لەمەدا دوابڕیار لای دەسەڵاتدارانی خاڵەسنوورییەکانە. بەڵگەی بیمەی تەندروستیی سەفەر پێویستە لە هەر گەشتێکدا بۆ ناوچەی شێنگن بۆ ئەگەری کۆنتڕۆڵکردن لە خاڵە سنوورییەکان بەردەست بێت.

پڕۆسەی کارکردن لەسەر داواکاریی ڤیزا، دوای گەیشتنی بە بەشی ڤیزا، نزیکەی 14 رۆژی کارکردنی پێ دەچێت. هەرکات ویستتان، دەتوانن لەسەر ماڵپەڕی کۆمانیای VFS بزانن، کارکردن لەسەر داواکارییەکەتان بە کوێ گەیشتۆە.

گەڕاندنەوەی پاسپۆرتەکان لە رێگای کۆمپانیای VFS دەبێت. تکایە دوای وەرگرتنەوەی، وردبوونەوە لە درووستیی تەواوی زانیارییەکانی ڤیزاکەتاندا بکەن، بە رەسمی ڤیزاشەوە. هەر ناتەواوییەک راستەوخۆ بێدواکەوتن لە رێگای ئەم فۆڕمەوە بە بەشی ڤیزا بگەیەنن. لە حاڵەتی رەتکردنەوەی داواکارییەکە، رەسمی ڤیزا ناگەڕێنرێتەوە.

گەڕانەوە سەرووی لاپەڕەکە