Willkommen auf den Seiten des Auswärtigen Amts

چوونی هاوڵاتی عێڕاقی بۆ لای دایک یان باوکی خاوەن مافی پاراستنی لاوەکی (مۆڵەتی مانەوە بە پێی ماددە 25، بڕگە 2، دووەم یاخود 4ی یاسای پەنابەری)

بابەت

ئەم پەڕەی زانیارییە تەنیا بۆ داواکردنی ڤیزا لە بەشی ڤیزای هەولێر دەبێت.

کەسوکاری نزیکی (هاوسەر، منداڵی تەمەن خوار هەژدەساڵی سەڵت) کەسێک کە مافی پاراستنی لاوەکی لە ئەڵمانیا هەبێت، دەتوانن  داوای ڤیزا بۆ مەبەستی کۆکردنەوەی خێزان بکەن.

بەڵگەنامەی پێویست:

تەواوی بەڵگەنامەکان پێویستە بە وەرگێڕانێکی ئەڵمانی وەرگێڕێکی دانپێدانراو پێشکەش بکرێن.
تەواوی ئەو بەڵگەنامانەی باری کەسی کە لە هەرێمی کوردستان دەرچوون پێویستە لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پەسەند (تەصدیق) کرابن، بەڵگەنامەی دیکەی عێڕاقی پێویستە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێڕاق لە بەغدا پەسەند بکرێن.

بۆ داواکردنی ڤیزایەکی نیشتمانی پێویستە فۆڕمێکی داواکردن بە تەواوی و بە زمانی ئەڵمانی پڕکرابێتەوە، لەگەڵ رۆنکردنەوە بە پێی ماددە 54ی یاسای مانەوە، پێشکەش بکرێت. لە فۆڕمەکەدا (VIDEX) تەواوی زانیارییەکان سەبارەت بە سەفەر و مانەوەتان لە ئەڵمانیا بنووسن. پێویستە ئەم فۆڕمە ئۆنڵاین پڕ بکەنەوە، چاپ و واژۆی بکەن و لە کاتی پێشکەشکردنی داواکارییەکە لەگەڵ خۆتانی بهێنن.

فۆڕمی ڤیدێکس

بەشی ڤیزا هۆشداری دەدات لە پەنابردنە بەر نووسینگەکانی ڤیزا بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی داواکاری. لەم رێگەیەوە دەکرێت زانیاری هەڵە یاخود ناتەواو بخزێنە ناو داواکارییەکەتان، کە لە خراپترین دۆخدا دەکرێت ببنە مایەی رەتکردنەوەی داواکارییەکەتان.

وێنەیەکی نوێی بایۆمەتری پاسپۆرت (3,5 x 4,5 بە باکگراوندێکی سپییەوە)

زانیاری سەبارەت بە وێنەی بایۆمەتری لەم لینکە هەن.


پاسپۆرتێکی بەرکار لەگەڵ کۆپییەکی لاپەڕەی زانیارییەکان و لاپەڕەی واژۆ، کە لەلایەن هەڵگرەکەیەوە واژۆ کرابێت، و دوو لاپەڕەی پڕنەکراوەی مابن. پاسپۆرتەکە پێویستە لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا دەرچووبێت.

ناسنامەیەکی بەرکاری وڵاتی خۆتان بە وەرگیڕانێکی ئەڵمانی لەگەڵ کۆپییەکیدا

بەڵگەی ئەوەی کە ئێوە بە شێوەیەکی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان-عێڕاق دەژین (پارێزگاکان دهۆک، هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە) یاخود مۆڵەتێکی بەرکاری مانەوەتان لە هەرێمی کوردستان-عێڕاق هەیە، لەگەڵ کۆپییەکیدا

گرنگ: وەرگێڕانی ئەڵمانی ئەم بەڵگەنامانەی خوارەوە پێویستە شوێنی دەرچوون، پارێزگا و ناوەڕۆکی مۆر و هەر زانیارییەکی دیکەی هاتوو تێیدا بگرێتە خۆی!
1) وێنەی تۆماری خێزانیی کەسی داواکار، بە نوسخەی ئەسڵی و کۆپییەک، لە ساڵێک کۆنتر نەبێت
2) وێنەی تۆماری کەسیی داواکار، بە نوسخەی ئەسڵی و کۆپییەک، لە ساڵێک کۆنتر نەبێت
3) بەڵگەنامەی لەدایکبوونی کەسی، داواکار بە نوسخەی ئەسڵی و کۆپییەک
4) گرێبەستی هاوسەرگیری دایکو باوکی لە دادگا، بە نوسخەی ئەسڵی و کۆپییەک
5) هەروەها ئەگەر پێویست بوو، پشتگیریی ئەنجومەنی باڵای روحانی یەزیدی، بە نوسخەی ئەسڵی و کۆپییەک
6) بریکارنامەی تایبەت لە حاڵەتی هاوسەرگیریی لە رێی بریکارەوە، بە نوسخەی ئەسڵی و کۆپییەک
7) هەروەها ئەگەر پێویست بوو، تەڵاقنامەی هاوسەرگیرییەکانی پێشوو، بە نوسخەی ئەسڵی و کۆپییەک

1) کۆپییەکی پاسپۆرت (لاپەڕەی زانیارییەکان و لاپەڕە 1 تا 3)
2) کۆپییەکی مۆڵەتی مانەوە (دیوی پێشەوە و دواوەی)
3) کۆپییەکی تۆماری شوێنی نیشتەجێبوون Meldebescheinigung، لە شەش مانگ کۆنتر نەبێت
4) کۆپییەکی بڕیاری فەرمانگەی فیدڕالی کۆچ و پەنابەران BAMF سەبارەت بە داننان بە مافی پاراستنی لاوەکی ، لەگەڵ ئاماژەی ئەوەی کەی بڕیارەکە کەوتۆتە کار

کۆپییەکی نووسراوی پشتگیری سەبارەت بە پێشکەشکردنی داواکریی لە ماوەی دیاریکراودا یاخود بەڵگەی دیکە (بۆ نموونە، ئیمەیل، نووسراوی کونسوڵگەریی سەبارەت بە ماوەکە و هی دیکە)

لە حاڵەتی سەفەرکردنی منداڵ بەتەنیا، پێویستە رەزامەندییەکی ئەو لایەنەی دایکوباوک کە لەعێڕاق ماوەتەوە، پەسەندکراو لەلایەن دادنووس دەربارەی سەفەرکردن و مانەوەی هەمیشەیی لە ئەڵمانیا پێشکەش بکرێت. وەک بەدیلێک دەکرێت رەزامەندییەکە لەکاتی دیداری FAP-IOM بدرێت. لە حاڵەتی مردنی دایک یان باوک پێویستە بەڵگەنامەی مردن بخرێتە بەردەست.
نوسخەی ئەسڵی و کۆپییەک

ماڵیانە

ماڵیانەی داواکردنی ڤیزای نیشتمانی بریتییە لە 75 یوڕۆ، هەروەها بۆ کەسی داواکار تاکو تەمەنی ١٨ سال ٣٧،٥٠ یورۆ کە بە نرخی گۆڕینەوەی رۆژ و بە دۆلاری ئەمریکی دەدرێت. یوڕۆ و دیناری عێڕاقی نە وەردەگرێن و نە دەیشگۆڕدرێنەوە.

دەستنیشانکردنی وادە

وادەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ ڤیزا بە تۆمارکردن لە لیستێکی چاوەڕی دەبێت. لێرەوە دەتوانن بچنە سەر لیستەکە. بە هۆی داواکاری زۆرەوە، دەکرێ ماوەی چاوەڕیکردنەکە درێژ بێت.

ئەو داواکارانەی وادەیەکیان بۆ پێشکەشکردنی داواکاری بۆ ڤیزای کۆکردنەوەی خێزان بۆ چوون بۆ دایک یان باوکی خاوەن مافی پاراستنی لاوەکی لە ئەڵمانیا تۆمار کردووە، لە کاتی خۆیدا لەلایەن رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ IOM، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە کۆچ لە چوارچێوەی بەرنامەی کۆمەککردنی خێزاندا FAP پەیوەندیان پێوە دەکرێت.

ئەگەر هاتوو دڵنیا نەبوون لەوەی تۆمارکردنی وادەکەتان درووستە، یان ئەگەر هاتوو زانیارییەکانی پەیوەندیپێوەکردنتدان لە دوای تۆمارکردنی وادەکە گۆڕاون (ژمارە تەلەفون و ئەدرێسی ئیمەیل)، ئەوا پێویستە پەیوەندی بە کۆمپانیای IOM بکەن:

هەولێر، گوندی ئیتاڵی 1
ڤیللای ژمارە B4 و B5
00964662111500
ئیمەیل: info.fap.iq@iom.int


هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی: هەموو ئەم زانیارییانە بەگوێرەی ئاگاداری و ئەزموونی نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەمان لە کاتی نووسینی پەڕەی زانیارییەکەدا داڕێژراون. بۆ تەواوێتی و دروستیی هیچ بەرپرسیارێتییەک ناگیرێتە ئەستۆ، مافی یاسایی لەم پەڕەی زانیارییەوە سەرچاوە ناگرن.

گەڕانەوە سەرووی لاپەڕەکە