Willkommen auf den Seiten des Auswärtigen Amts

ڤیزا بۆ خوێندنی زانکۆیی

بابەت

ئەم پەڕەی زانیارییە تەنیا بۆ داواکردنی ڤیزا لە بەشی ڤیزای هەولێر دەبێت.

بەهۆی داخرانی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە دیمەشق، بە هەمان شێوە ئەو هاوڵاتییە سووریانەی  نیشتەجێی سووریان یان مۆڵەتی مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان هەیە، دەتوانن داوای ڤیزای خوێندن لە کونسوڵگەریی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر بکەن.

خوێندکارانی بیانی، کە رەزامەندی خوێندنیان لە زانکۆیەکی ئەڵمانیا وەرگرتووە (یان، لەگەڵ کۆڕسی ئامادەکاری زمان) یان لە ساڵی ئامادەکاری بۆ خوێندنی زانکۆیی (Studienkolleg) وەرگیرابن، دەتوانن داوای ڤیزا بۆ مەبەستی خوێندن لە ئەڵمانیا بکەن.

بەڵگەنامەی پێویست:

بۆ داواکردنی ڤیزایەکی نیشتمانی پێویستە فۆڕمێکی داواکردن بە تەواوی و بە زمانی ئەڵمانی پڕکرابێتەوە، لەگەڵ رۆنکردنەوە بە پێی ماددە 54ی یاسای مانەوە، پێشکەش بکرێت. لە فۆڕمەکەدا (VIDEX) تەواوی زانیارییەکان سەبارەت بە سەفەر و مانەوەتان لە ئەڵمانیا بنووسن. پێویستە ئەم فۆڕمە ئۆنڵاین پڕ بکەنەوە، چاپ و واژۆی بکەن و لە کاتی پێشکەشکردنی داواکارییەکە لەگەڵ خۆتانی بهێنن.

فۆڕمی ڤیدێکس

بەشی ڤیزا هۆشداری دەدات لە پەنابردنە بەر نووسینگەکانی ڤیزا بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی داواکاری. لەم رێگەیەوە دەکرێت زانیاری هەڵە یاخود ناتەواو بخزێنە ناو داواکارییەکەتان، کە لە خراپترین دۆخدا دەکرێت ببنە مایەی رەتکردنەوەی داواکارییەکەتان.

وێنەیەکی نوێی بایۆمەتری پاسپۆرت (3,5 x 4,5 بە باکگراوندێکی سپییەوە)

زانیاری سەبارەت بە وێنەی بایۆمەتری لەم لینکە هەن.


پاسپۆرتێکی بەرکار لەگەڵ کۆپییەکی لاپەڕەی زانیارییەکان و لاپەڕەی واژۆ، کە لەلایەن هەڵگرەکەیەوە واژۆ کرابێت، و دوو لاپەڕەی پڕنەکراوەی مابن. پاسپۆرتەکە پێویستە لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا دەرچووبێت.

ناسنامەیەکی بەرکاری وڵاتی خۆتان بە وەرگیڕانێکی ئەڵمانی لەگەڵ کۆپییەکیدا

بەڵگەی ئەوەی کە ئێوە بە شێوەیەکی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان-عێڕاق دەژین (پارێزگاکان دهۆک، هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە) یاخود مۆڵەتێکی بەرکاری مانەوەتان لە هەرێمی کوردستان-عێڕاق هەیە، لەگەڵ کۆپییەکیدا

١) بڕیاری وەرگیران لە زانکۆیەکی ئەڵمانی،
یان
٢) پشتگیریی تۆمارکردن لە زانکۆیەکی ئەڵمانی،
یان
٣) وەرگیڕان بۆ بەشداریکردن لە ساڵی ئامادەکاری (Studienkolleg)
یان
٤) تاقیکردنەوەی تەئهیلی

ئەگەر هاتوو نەکرا بە هۆی نزمیی توانستی زمانی ئەڵمانی راستەوخۆ دەست بە خوێندن بکرێت و تەنیا وەرگیرانێکی مەرجدار یاخود پشتگیریی تۆمارکردن لەبەردەستدا بوون: ناونووسین بۆ بەشداریکردن لە خولێکی ئامادەکاریی زمان پێویستە.
نوسخە ئەسڵی و کۆپییەک لە هەر یەکێکیان

بروانامەی ساڵانی کۆتایی خوێندنی قوتابخانە بە نمرەوە
ئەگەر هاتوو پێشتر لە زانکۆ خوێندبووتان یان هێشتا دەخوێنن:
پشتگیریی زانکۆ، بەڵگەی خوێندنی زانکۆیی و ئەگەر هەبوو، بڕوانامەی زانکۆ بە نمرەوە
نوسخەی ئەسڵی و کۆپییەک لە هەر یەکێکیان لەگەڵ تەسدیقکردنی لەلایەن فەرمانگەی تایبەتمەندی عێڕاقی یاخود سووری، لەگەڵ کۆپییەک

بەڵگەی توانستی زمانی ئەڵمانی بە ئاستی B1 بە پێی ستانداردی ALTE (کۆمەڵەی تاقیکەرەوان زمانی ئەوڕوپا) لەلایەن ئەنجامدەرێکی دانپێدانراوی تاقیکردنەوە.
نوسخەی ئەسڵی و کۆپییەک، لە ساڵیک کۆنتر نەبێت


نووسراوێکی خۆتان بۆ دەربڕینی خواست بۆ خوێندن لە زانکۆ.
تکایە هەوڵ بدەن لە نووسراوەکەدا وەڵامی ئەم پرسیارانەی خوارەوە بنووسن:

  • دەتانەوێ لە ئەڵمانیا چ بەشێک بخوێنن (بەش و ئەو بڕوانامەیەی دەتانەوێ وەدەستی بێنن) و لەبەرچی؟
  • بۆچی دەتانەوێت لە ئەڵمانیا بخوێنن؟
  • پلانتان بۆ دوای تەواوکردنی خولی زمان/زانکۆ چییە؟
  • چۆن، لە کوێ و ماوەی چەندە خەریکی فێربوونی زمانی ئەڵمانین؟
  • لە حاڵەتی کۆڕسی زمانی ئامادەکاری بۆ زانکۆ: کەی و لە کوێ دەتانەوێ تاقیکردنەوەی DSH/DaF ئەنجام بدەن؟

ژیاننامەی خشتەیی دەربارەی کاری تا ئێستاتان.
ئەگەر هەبوو، هەروەها دەربارەی کارکردنتان دوای تەواوکردنی قوتابخانە یان زانکۆ
کۆپییەک بۆ هەر یەکێکیان

بەڵگەی دەستەبەربوونی دارایی پێشوەختەی لانیکەم 934 یوڕۆ بۆ هەر مانگێک بۆ ماوەی یەک ساڵ. واتە پێویستە بەردەستبوونی بڕی 11.208 یوڕۆ بسەلمێنرێت.
لە 1/9/2024ـەوە ئەم بڕە پارەیە دەبێتە 992 یوڕۆ بۆ هەر مانگێک، واتە پێویستە کۆی گشتی بڕی 11.904 یوڕۆ بسەلمێنرێت.
داراییکردنەکە دەکرێت بە یەکێک لەم رێگایانەی خوارەوە بسەلمێنرێت:
1) دانانی ئەم بڕە پارەیە لەسەر هەژمارێکی داخراوی بانکی لە ئەڵمانیا. دەتوانن هەژماری داخراوی بانکی لای هەر بانکێک لە ئەڵمانیا بکەنەوە.
یان
2) بەڵێننامەیەکی فەرمی بە پێی ماددە 66 تا 68ی یاسای مانەوە. پێویستە لە بەڵیننامەکەدا ئاماژە بەوە کرابێت کە مەبەستی مانەوە "خوێندنی زانکۆیی" یان ""کۆڕسی فێربوونی زمان و خوێندنی  زانکۆیی"یە و هەروەها ئاماژە بە ماوەی مانەوە و "سەلماندنی توانای دارایی" کرابێت.
یان
3) زەمالە (سکۆلارشیپ) - بەڵگەی ئەمە لە رێگای بڕیاری پێدانی زەمالە بە نوسخەی ئەسڵی (نوسخەی دیکە تەنیا هی بەشی بەڵگەنامەکانی دەزگای ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی ئەڵمانی DAAD)
کۆپییەک (لە حاڵەتی بەڵیننامەدا پێویستە نوسخەی ئەسڵیش پێشکەش بکرێت)

بەڵگەی بیمەی تەندروستی لە جۆری "Incoming" بۆ ماوەی شەش مانگ لە رۆژی سەفەرکردنەوە.
کۆپییەک

بەڵگەی شوێنی مانەوە و نیشتەجێبوون بۆ ئەو ماوەیەی مانەوە لە ئەڵمانیا کە بەرنامەی بۆ داڕێژراوە، بۆ نموونە لە رێگای گڕیبەستی کرێ، داواکاریی شوێنی نیشتەجێبوونی خوێندکاران.
کۆپییەک

ماڵیانە

ماڵیانەی داواکردنی ڤیزای نیشتمانی بریتییە لە 75 یوڕۆ، هەروەها بۆ کەسی داواکار تاکو تەمەنی ١٨ سال ٣٧،٥٠ یورۆ کە بە نرخی گۆڕینەوەی رۆژ و بە دۆلاری ئەمریکی دەدرێت. یوڕۆ و دیناری عێڕاقی نە وەردەگرێن و نە دەیشگۆڕدرێنەوە.

تۆمارکردنی وادە

وادەی پێشکەشکردنی داواکاریی ڤیزا بە ئۆنلاین و لە رێگای کۆمپانیای VFS تۆمار دەکرێت.

تکایە ئاگادار بن، لە کاتی تۆمارکردنی وادەدا جۆری دروستی ڤیزا هەڵبژێرن. بە پێچەوانەوە داواکارییەکەتان وەرناگیرێت.


هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی: هەموو ئەم زانیارییانە بەگوێرەی ئاگاداری و ئەزموونی نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەمان لە کاتی نووسینی پەڕەی زانیارییەکەدا داڕێژراون. بۆ تەواوێتی و دروستیی هیچ بەرپرسیارێتییەک ناگیرێتە ئەستۆ، مافی یاسایی لەم پەڕەی زانیارییەوە سەرچاوە ناگرن.

گەڕانەوە سەرووی لاپەڕەکە