Willkommen auf den Seiten des Auswärtigen Amts

ڤیزای ئامادەکاریی داننان بە بڕوانامەی پسپۆڕیی پیشەیی بیانی

بابەت

ئەم پەڕەی زانیارییە تەنیا بۆ داواکردنی ڤیزا لە بەشی ڤیزای هەولێر دەبێت.

ئەگەر هاتوو پێگەیاندنە پیشەییەکەتان لەلایەن فەرمانگەی تایبەتمەندی ئەڵمانیاوە بە تەواوی دانی پێدا نەنرابوو، دەتوانن داوای ڤیزایەک بکەن، بۆ ئەوەی لە ئەڵمانیا شارەزایی پیویست هاوکات لەگەڵ کارکردن وەدەست بێنن. دوای تەواوکردنی پێگەیاندنەکە و داننانی تەواو بە پێگەیاندنەکەتان دەتوانن مۆڵەتی مانەوەی هەمیشەیی لە ئەڵمانیا داوا بکەن.

تکایە ئاگادار بن، بڕوانامەی زانکۆیی هەن کە لە ئەڵمانیا وەک پێگەیاندنی پیشەیی Ausbildung مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

زانیاری زیاتر دەربارەی ژیان و کارکردن لە ئەڵمانیا لەسەر ماڵپەڕی www.make-it-in-germany.com دەست دەکەون.

بەڵگەنامەی پێویست:

بۆ داواکردنی ڤیزایەکی نیشتمانی پێویستە فۆڕمێکی داواکردن بە تەواوی و بە زمانی ئەڵمانی پڕکرابێتەوە، لەگەڵ رۆنکردنەوە بە پێی ماددە 54ی یاسای مانەوە، پێشکەش بکرێت. لە فۆڕمەکەدا (VIDEX) تەواوی زانیارییەکان سەبارەت بە سەفەر و مانەوەتان لە ئەڵمانیا بنووسن. پێویستە ئەم فۆڕمە ئۆنڵاین پڕ بکەنەوە، چاپ و واژۆی بکەن و لە کاتی پێشکەشکردنی داواکارییەکە لەگەڵ خۆتانی بهێنن.

فۆڕمی ڤیدێکس

بەشی ڤیزا هۆشداری دەدات لە پەنابردنە بەر نووسینگەکانی ڤیزا بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی داواکاری. لەم رێگەیەوە دەکرێت زانیاری هەڵە یاخود ناتەواو بخزێنە ناو داواکارییەکەتان، کە لە خراپترین دۆخدا دەکرێت ببنە مایەی رەتکردنەوەی داواکارییەکەتان.

وێنەیەکی نوێی بایۆمەتری پاسپۆرت (3,5 x 4,5 بە باکگراوندێکی سپییەوە)

زانیاری سەبارەت بە وێنەی بایۆمەتری لەم لینکە هەن.


پاسپۆرتێکی بەرکار لەگەڵ کۆپییەکی لاپەڕەی زانیارییەکان و لاپەڕەی واژۆ، کە لەلایەن هەڵگرەکەیەوە واژۆ کرابێت، و دوو لاپەڕەی پڕنەکراوەی مابن. پاسپۆرتەکە پێویستە لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا دەرچووبێت.

ناسنامەیەکی بەرکاری وڵاتی خۆتان بە وەرگیڕانێکی ئەڵمانی لەگەڵ کۆپییەکیدا

بەڵگەی ئەوەی کە ئێوە بە شێوەیەکی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان-عێڕاق دەژین (پارێزگاکان دهۆک، هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە) یاخود مۆڵەتێکی بەرکاری مانەوەتان لە هەرێمی کوردستان-عێڕاق هەیە، لەگەڵ کۆپییەکیدا

بڕیاری نووسراوی فەرمانگەی تایبەتمەند بە داننان بە پیشەکە لە ئەڵمانیا سەبارەت بە پێویستیی گونجاندن و رێکاری پێویست بۆ یەکسانکردن و هاوتاکردن بە پێگەیاندنی پیشەیی یان پێدانی مۆڵەتی کاری پیشەیی (Anpassungsqualifizierung). دەتوانن فەرمانگەی تایبەتمەند لە رێگای www.Anerkennung-in-Deutschland.de بدۆزنەوە.
نوسخەی ئەسڵی و کۆپییەک

ئەگەر لە Defizitbescheid هاتبوو:
ناونووسین بۆ خولی تیۆری، ئامادەکاری پێگەیاندنی نێو کۆمپانیا (بە پلانی بەرزکردنەوەی کارامەییەوە) یان کۆڕسی ئامادەکاری تاقیکردنەوە، نوسخەی ئەسڵی و کۆپییەک
یان
ناونووسین بۆ تاقیکردنەوەی  ئاستی شارەزایی و یان ئەگەر پیویست بوو، ناوتۆمارکردن بۆخولی ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەی شارەزایی

بەڵگەی توانای پسپۆڕیی، بۆ نموونە دیپلۆم، بڕوانامە و هەروەها بڕوانامەی تەواوکردن، نوسخەی ئەسڵی و کۆپییەک

بەڵگەی توانستی زمانی ئەڵمانی بە ئاستی B1 بە پێی ستانداردی ALTE (کۆمەڵەی تاقیکەرەوان زمانی ئەوڕوپا) لەلایەن ئەنجامدەرێکی دانپێدانراوی تاقیکردنەوە.
نوسخەی ئەسڵی و کۆپییەک، لە ساڵیک کۆنتر نەبێت

نووسراوێک بە زمانی ئەڵمانی (یان زمانی ئینگلیزی) بۆ دەربڕینی خواست کە زانیاری سەبارەت بە مانەوەی پلانبۆداڕێژراو لە ئەڵمانیا (بوار، ناوچە، شوێنی مانەوە و نیشتەجێبوونی بەرنامبۆداڕێژراو و هتد.) تێدا بن.
ژیاننامەیەکی خشتەیی سەبارەت بە کاری پیشەیی لەمەوبەر.
بۆ هەریەکەیان کۆپییەک

بۆ مانەوە لە ئەڵمانیا مانگانە پێویستە لانیکەم 1.027.40 یوڕۆ بەردەست بن. بەڵگەی ئەمە (پارەی بەردەست، هەژماری داخراوی بانکی یان بەڵێننامەیەکی رەسمی) پێشوەختە لە کاتی پێشکەشکردنی داواکارییەکە بخرێنە بەردەست. هەر بۆیە لە کاتی پێشکەشکردنی داواکارییەکە پێویستە بەردەستبوونی کۆی گشتی 12.328 یوڕۆ و هەروەها خەرجی پێویست بۆ ئەگەری گەڕانەوە لە ئەڵمانیاوە بسەلمێنرێت.
لە حاڵەتی سەلماندنی توانای دارایی لە رێگای هەژمارێکی داخراوی بانکییەوە لەکاتی گونجاو و بەر لە پێشکەشکردنی داواکاریی ڤیزا هەژماری بانکی بکەنەوە. لە میانی کارکردن لەسەر داواکاریی ڤیزاکە تەنیا پشتگیریی کردنەوەی هەژمارەکە لەگەڵ زانیاری سەبارەت بە دانانی پڕی پارەی پێویست و بڕی بەردەستی مانگانەلەبەرجاو دەگیرێن. هەر پشتگیرییەک بێ ئەم بڕەپارانە ناتەواوە.
کۆپییەک

1) وێنەی تۆماری کەسی بە نوسخەی ئەسڵی و وەرگێڕانێک، تەسدیقکراو و کۆپییەک
2) هەروەها ئەگەر پێویست بووگرێبەستی هاوسەرگیری یان پشتگیریی ئەنجومەنی باڵای روحانی یەزیدی، ئەگەر پێویست بوو بریکارنامەی تایبەت، بە نوسخەی ئەسڵی و کۆپییەک

بەر لە دەرکردنی ڤیزاکە پێویستە بیمەیەکی تەندروستی لە جۆری Incoming، کە لە رۆژی دەستپێکردنی گەشتەکەوە کارا بێت، بسەلمێنرێت. ئەم بەڵگەیە پێویست ناکات لە کاتی پێشکەشکردنی داواکارییەکە بخرێتە بەردەست، لە کاتی خۆیدا لە پێشکەشکردنی بیمەی تەندروستییە ئاگادار دەکرێنەوە. بۆیە تکایە تا ئەو کاتە بیمەکە مەکڕن.


بەڵگەی شوێنی مانەوە و نیشتەجێبوون بۆ لانیکەم دوو مانگی مانەوە بەرنامەبۆداڕێژراوەکە لە ئەڵمانیا.
لە حاڵەتی پێگەیاندنی پیشەیی، کارکردن یان رێکاری دیکەی پێگەیاندن پێویستە شوێنی مانەوە لە شوێنی کارکردن یان راهێنان و پێگەیاندن/ خولی زمان نزیک بێت.
کۆپییەک

لە هەندێک حاڵەتی تایبەتدا، دەکرێت داوای بەڵگەنامەی زیاتریش بکرێت.

ماڵیانە

ماڵیانەی داواکردنی ڤیزای نیشتمانی بریتییە لە 75 یوڕۆ، هەروەها بۆ کەسی داواکار تاکو تەمەنی ١٨ سال ٣٧،٥٠ یورۆ کە بە نرخی گۆڕینەوەی رۆژ و بە دۆلاری ئەمریکی دەدرێت. یوڕۆ و دیناری عێڕاقی نە وەردەگرێن و نە دەیشگۆڕدرێنەوە.

تۆمارکردنی وادە

وادەی پێشکەشکردنی داواکاریی ڤیزا بە ئۆنلاین و لە رێگای کۆمپانیای VFS تۆمار دەکرێت.

تکایە ئاگادار بن، لە کاتی تۆمارکردنی وادەدا جۆری دروستی ڤیزا هەڵبژێرن. بە پێچەوانەوە داواکارییەکەتان وەرناگیرێت.


هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی: هەموو ئەم زانیارییانە بەگوێرەی ئاگاداری و ئەزموونی نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەمان لە کاتی نووسینی پەڕەی زانیارییەکەدا داڕێژراون. بۆ تەواوێتی و دروستیی هیچ بەرپرسیارێتییەک ناگیرێتە ئەستۆ، مافی یاسایی لەم پەڕەی زانیارییەوە سەرچاوە ناگرن.

گەڕانەوە سەرووی لاپەڕەکە