Willkommen auf den Seiten des Auswärtigen Amts

بەکارهێنانی بەرنامەی ڤیدێکس بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی ڤیزا لەرێی ئینتەرنێتەوە

Passports with various visas

Visa, © Colourbox

بابەت

بەڕێزان،

بەخێربێن بۆ بەرنامەی ڤیدێکس بۆ تۆمارکردنی زانیارییەکانتان لەرێی ئینتەرنێتەوە بۆ مەبەستی داواکردنی ڤیزای شینگن لای کونسوڵگەریی گشتیی کۆماری ئەڵمانیای فیدڕال لە هەولێر.

ئێمە دەمانەوێت بەپێی توانا بەکارهێنانی بەرنامەی ڤیدێکستان بۆ ئاسان بکەین. لێرەوە گشت زانیارییە گرنگەکانتان سەبارەت بە بەرنامەی ڤیدێکس و هەنگاوەکانی دواتری داواکردنی ڤیزا دەخەینە بەردەست.

هیوادارین سەرەتا بەوردی ئەم رێنوێنییە بخوێننەوە و دواتریش زانیارییەکانتان لەرێی ڤیدێکسەوە تۆمار بکەن.


ڤیدێکس بۆ کام حاڵەت بەکار دەهێنرێت؟

ڤیدێکس بەتایبەت تەرخان کراوە بۆ داواکردنی ڤیزای شێنگن.

بەداخەوە ناکرێت لەرێگای بەرنامەی ڤیدێکسەوە ڤیزای ماوەدرێژ (بۆ نموونە بەمەبەستی خوێندن یاخود کارکردن یان کۆکردنەوەی خێزان) داوابکرێت. بەڵکو دەبێت بۆ ئەم مەبەستە راستەوخۆ پەیوەندی بە نوێنەرایەتی دیپلۆماسی تایبەت بە داواکەتانەوە بکرێت.


مەرجە تەکنیکییەکان:

بۆ بەکارهێنانی بەرنامەی ڤیدێکس پێویستیتان بەم سیستەم و بەرنامانەی خوارەوە هەیە:

  • مایکرۆسۆفت وێندۆز

  • وێبگەڕی فایەرفۆکس یاخود ئینتەرنێت ئێکسپلۆرەر

  • بەرنامەی ئەدۆبا ریدەری 10 یاخود بەرزتر

  • ئامێرێکی چاپکردن

ئامادەکردنی پڕکردنەوەی فۆڕمی داواکە

ئەگەر دەستتان بە تۆمارکردنی زانیارییەکان کرد و لەماوەی دە دەقیقە هیچ زانیارییەک تۆمار نەکرێت ئەوا تەواوی زانیارییەکان دەسڕێنەوە. بۆیە باشترە بەر لە دەستکردن بە پڕکردنەوەی فۆڕمەکە تەواوی بەڵگەنامەکان ئامادەکرابن:

  • پاسپۆرت

    • کە دوای تەواوبوونی ماوەی مانەوە هێشتا سێ مانگ ماوەی کارپێکردنی مابێت

    • نابێت 10 ساڵ زیاتر بەسەر دەرچوونیدا رەت بووبێت (دەرچوون و نەوەک نوێکردنەوە)

  • بلیتی فڕین

  • ناونیشانێک لە ئەڵمانیا

  • حیجزی میوانخانە

  • داوەتنامە

پڕکردنەوەی داواکە

ئەو پیت و نیشانانەی دەکرێت بەکاربهێنرێن

تکایە فۆڕمەکە بەتەواوی پڕبکەنەوە. تکایە تەنیا پیتی لاتینی بەکاربهێنن. فۆڕمی پڕکراوە بە پیت و هێمای غەیرەلاتینی نە هەڵدەگیرێت و نە چاپدەبێت.

لەپاڵ پیتە لاتینییە ئاساییەکاندا دەکرێت ئەم پیتانەی خوارەوەش بەکاربهێنرێن: ÄÖÜ?.+-,'.

لەو خانانەیش کە تایبەتن بە ئیمەیل دەکرێت هێمای @ تێدا بنووسرێت.


نووسینی بەروار

تکایە بەروارەکان لە خانەی تایبەتدا و بەگوێرەی رۆژژمێری گریگۆری و بەم شێوەیەی خوارەوە بنووسن:

رۆژ-مانگ-ساڵ (بۆ رۆژ دوو ژمارە-مانگ دوو ژمارە- ساڵ چوار ژمارە) و دەبێت دادەکانی رۆژ و مانگ و ساڵ بە هێمای (-) جیابکرێنەوە.


هەڵگرتنی (خەزنکردن) داواکان

دەتوانن فۆڕمە پرکراوەکان لەسەر کۆمپیوتەرەکەتان هەڵبگرن. بۆ ئەمەش پێویستە لانی کەم ناوی خێزانی و بەرواری لەدایکبوون تۆمارکرابن. زانیارییەکان لە شوێنی هەڵگرتنی داتاکانی سەرکۆمپیوتەرەکەتان هەڵدەگیرێن و ئەگەریش بخوازن دەتوانن لەشوێنی جێمەبەستی خۆتان تۆماریان بکەن.


چاپکردنی داوای ڤیزا

بۆ چاپکردن دەبێت فۆڕمەکە بەتەواوی پڕکرابێتەوە. ئەم فۆڕمانە چاپ دەکرێن:

  • فۆڕمی داواکردنی ڤیزا (پێویستە ئیمزا بکرێت)

  • پرسیارنامە بەگوێرەی ماددە 55، بڕگە2، بەندی 1 لە یاسای مانەوەی ئەڵمانیا (پێویستە ئیمزا بکرێت)

  • بارکۆدی هەڵگری زانیارییەکانی تایبەت بە بەرنامەی ڤیدێکس

دوایین ئامادەکردنی داوای ڤیزا

ناتوانرێت لە رێگای ئینتەرنێتەوە داوای ڤیزا پێشکەش بکرێت، بەڵکو داواکە راستەوخۆ پێشکەش بە کونسوڵگەریی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر دەکرێت.

تکایە لەکاتی پێشکەشکردنی داواکە ئەم بەڵگەنامانەی خوارەوە پێشکەش بکەن:

  • فۆڕمی داواکردنی ڤیزا (بە ئیمزاکراوی)

  • پرسیارنامە بەگوێرەی ماددە 55، بڕگە2، بەندی 1 لە یاسای مانەوەی ئەڵمانیا (بە ئیمزاکراوی)

  • پرسیارنامەی ئەمنی بە گوێرەی ماددە 54 بڕگە 6ی یاسای مانەوەی ئەڵمانی

  • بارکۆدی هەڵگری زانیارییەکانی تایبەت بە بەرنامەی ڤیدێکس

  • هەموو بەڵگەنامە پێویستەکانی دیکە بۆ داواکە، کە بە گوێرەی جۆری ڤیزای داواکراو دەگۆڕێن. بۆ ئەم مەبستە دەتوانن سەردانی سایتی کونسوڵگەریی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر www.erbil.diplo.de بکەن.

تکایە ئاگاداری رێنماییەکانی تایبەت بە داواکردنی ڤیزا لە کونسوڵگەریی گشتیی ئەڵمانیابن کە لەسەر سایتی کونسوڵگەریی بڵاوکراونەتەوە: www.erbil.diplo.de

لێرەوە دەتوانن بچن بۆ لاپەڕەی پرکردنەوەی فۆڕمی ڤیزا لە رێگای ئینتەرنێتەوە:

https://videx.diplo.de


بابەتی هاوشێوە

گەڕانەوە سەرووی لاپەڕەکە