Willkommen auf den Seiten des Auswärtigen Amts
مانەوەی ماوەدرێژی زیاتر لە 90 رۆژ (ڤیزای نیشتمانی، ڤیزای D)
ڤیزای نیشتمانی
ئەو بیانیانەی پلانی مانەوەیەکی بۆ ماوەی زیاتر لە 90 رۆژ یان کارکردنیان هەیە، بە شێوەیەکی بنەڕەتی پێویستیان بە ڤیزایە. هاوڵاتیانی یەکێتی ئەوڕوپا، هاوڵاتیانی ناوچەی ئابووری ئەوڕوپی و هاوڵاتیانی سویسڕی بەدەرن لەم رێسایە.
دوای گەیشتن بۆ ئەڵمانیا فەرمانگەی بیانیان لەسەر بنەمای ڤیزاکە مۆڵەتی مانەوە دەدات.
جۆری ڤیزاکە بەندە بە مەبەستی مانەوەکە. رێنیشاندەری (Visa Navigator) ڤیزا دەتوانێ لە دەستنیشانیکردنی ئەو ڤیزایە کە پێویستە داوا بکرێت یارمەتیدەر بێت.
مانەوەی درێژخایەن زیاتر لە 90 ڕۆژ (ڤیزای نیشتمانی)
داواکاریی ڤیزا دیجیتاڵتر، خێراتر، ئاسانتر: ئێمە سیستەمەکە دەگۆڕین! لەمەودوا لیستی چاوەڕوانی کۆنی RK-Termin ڕادەگرین و شێوازێکی نوێ لەڕێگەی پۆرتاڵی دەرەوە(Auslandsportal) جێبەجێ دەکەین. ئەم شێوازە ڕێگەتان پێدەدات ئۆنڵاین زۆربەی جۆرەکانی داواکاری ڤیزا پێشکەش بکەن. تکایە وەکو گرووپ خۆتان تۆمار بکەن ئەگەر دەتانەوێت لەگەڵ خێزانتان گەشت بکەن. خۆتۆمارکردن بە واتای پێشکەشکردنی فەرمی و یاسایی داواکاریی ڤیزا نییە.
تێبینی: ئەوانەی پێشتر لە رێگەی RK-Termin تۆمار کراون، پێویست ناکات هیچ بکەن. سەرەتا لیستەکانی چاوەڕوانی RK-Termin تەواو دەکرێن. لەم حاڵەتەدا خۆتۆمارکردنەوە لە سیستەمە نوێیەکە پێویست نییە.
دەتوانن ڕێنیشاندەری ڤیزا لە دیاریکردنی جۆری گونجاوی ڤیزاکەتان بەکار بهێنن.
بۆ کام مەبەست دەتانەوێت بۆ ماوەیەکی درێژ لە ئەڵمانیا بمێننەوە؟
لە باوترین جۆرەکانی یەکگرتنەوەی خێزاندا، وەک چوونی هاوسەر یان منداڵ بۆ لای هاووڵاتییەکی ئەڵمان یان هاووڵاتییەکی عێراقی/سووری کە مۆڵەتی مانەوەیان لە ئەڵمانیا هەیە (جگە لە مۆڵەتی مانەوەی مرۆیی وەک مافی پەنابەری)، بە شێوەی ئۆنلاین لە پۆرتاڵی دەرەوە خۆتان بۆ داواکردنی ڤیزا تۆمار بکەن. کاتێک نوێنەرایەتی دیپلۆماسی پەیوەندیدار توانی داواکارییەکەتان بپشکنێت، لەوێوە ئاگادار دەکرێنەوە. پۆرتاڵی دەرەوە ئاگادارتان دەکاتەوە کە چ بەڵگەنامەیەک بۆ حاڵەتە تایبەتەکەی ئێوە پێویستە.
جۆری دیکە
ئێوە ناتوانن پۆرتاڵی دەرەوە بەکاربهێنن، ئەگەر:
* دەتانەوێت بڕۆنە لای ئەندامێکی خێزان کە هاوڵاتی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا/ناوچەی ئابووری ئەوروپا/سویسڕایە و لە ئەڵمانیا دەژێت (هاوڵاتی ئەڵمانی نییە).
* ئەندامی خێزانەکەتان مۆڵەتی مانەوەی مرۆیی یان نیشتەجێبوونی بەپێی ماددەکانی 22، 23، 24، 25، 25a/b، 26لە یاسای مانەوە هەبێت.
* وەک ئەندامێکی تری خێزان بەهۆی بارودۆخێکی سەختی نا ئاساییەوە (ماددەی 36 بڕگەی 2 لە یاسای مانەوە) داوای یەکگرتنەوە دەکەن.
بۆ ئەم جۆرانەی ڤیزا، هێشتا پێویستە لەڕێگەی سستەمی پێشووی تۆمارکردنی وادە RK-Terminخۆتان تۆمار بکەن. تەنها بۆ ئەم جۆرانە، زانیاری دەربارەی بەڵگەنامە پێویستەکان لە خوارەوە دەستدەکەوێت.
سەلماندنی ئاستی سەرەتایی زمانی ئەڵمانی بۆ داواکردنی چوونە لای هاوسەر
لە کاتی داواکردنی ڤیزا بۆ گەیشتنە لای هاوسەر، بە شێوەیەکی گشتی سەلماندنی زانیاری سەرەتایی زمانی ئەڵمانی لانی کەم لە ئاستی A1 پێویستە. بڕوانامەی A1 دەبێت لە لایەن دەزگایەکی پەسەندکراوی ALTE دەرچووبێت. بۆ بڕوانامەکانی A1 کە لە هەرێمی کوردستان-عێراق دەردەچن، تەنها بڕوانامەکانی پەیمانگای گۆتە "Start Deutsch 1" و بڕوانامەی زمانی نەمساوی (ÖSD) "Grundstufe Deutsch 1" پەسەند دەکرێن. دەزگاکانی تر لە هەرێمی کوردستان لە لایەن بەشی ڤیزای نوێنەرایەتییەکانی ئەڵمانیاوە دانیان پێدا نەنراوە.